هەڵکەوت زاهیر گۆرانییەک بۆ عامودێ-ی رۆژئاوای کوردستان بەرهەمدەهێنێت

فۆتۆ: هەڵکەوت زاهیر – شاری عامودێ – شادی خالیدی

 

رووداو – هەولێر

هەڵکەوت زاهیر، ئاوازدانەری کورد ئێستا خەریکی بەرهەمهێنانی بەرهەمێکی نوێی نیشتمانییە بۆ شاری عامودێ-ی رۆژئاوای کوردستان، گۆرانییەکەش لە لایەن هونەرمەندی رۆژئاوا شادی خالیدی دەگوترێت.

هەڵکەوت زاهیر، بە تۆڕی میدیایی (رووداو)-ی راگەیاند، “لە کارێکی نیشتمانی نوێمدا، بەرهەمێک بۆ شاری عامودێ-ی رۆژئاوای کوردستان بەرهەمدەهێنم، گۆرانییەکە لە لایەن هونەرمەندی رۆژئاوا شادی خالیدی دەگوترێت، ئاوازی خۆمەو تێکستی ڤیندار عومەر عەلی-یە”.

عامودێ، بە شاری رۆشنبیری و نووسەرانی رۆژئاوای کوردستان ناسراوە، یەکەم شارە لە ساڵی 2004 لە دوای راپەڕینی رۆژئاوای کوردستان پەیکەری حافز ئەسەد-ی سەرۆکی پێشووی سووریا-ی تێدا هێندرایە خوارەوە، هاوکات بە شاری سوتانی سینەما ناسراوە، چونکە لە ساڵی شەستەکان، بەهۆی سووتانی سینەما لەو شارە، زیاتر لە 280 منداڵی کورد بوونە قوربانی و سوتان.

Developed by — NetClick
Up